Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی پارتی ئیراده‌ی نیشتمانیی توركمان كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٤/٢٦، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ مه‌حمود چه‌له‌بی، سه‌رۆكی پارتی ئیراده‌ی نیشتمانیی توركمان كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی دۆخی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی پێكهاته‌كان به‌گشتی و پێكهاته‌ی توركمان به‌ تایبه‌تی كرا.
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی بابه‌ته‌كانی نێو دیداره‌كه‌ تایبه‌تبوون به‌پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕێژه‌ی كورسی و كۆتای پێكهاته‌كان، له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌ربڕی له‌ڕووی هه‌موو ئه‌و مافه‌ یاسایی و ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی.
لای خۆیه‌وه‌ مه‌حمود چه‌له‌بی، سه‌رۆكی پارتی ئیراده‌ی نیشتمانیی توركمان، سوپاسگوزاریی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ پێشوازیلێكردنیان و ڕوانگه‌ی باشیان بۆ پشتیوانیكردن له‌ دۆزی توركمانه‌كان و پێكهاته‌كان به‌ گشتی.