پهیامی پیرۆزبایی سهرۆكی پهرلهمان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز
بەبۆنەی هاتنهوهى جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی هەموو هاووڵاتییان دەكەین، داواكارین لە خوای گەورە ڕۆژوو و پەرستشی موسڵمانانی قبووڵ کردبێت و ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتەکەماندا بەرقەرار بکات.
لەم جەژنە موبارەکەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییە بەرپرسەکانی هەرێم دەکەین کە بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە قۆناغی ناکۆکیی سیاسی تاقەتپڕووکێن تێپەڕێنن و ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە پاراستن و گەشەکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان باڵاترین بەرژەوەندیی گەلی کوردستانە و تەنها بە بانگەشەی بێ کردار بۆ ئاشتەوایی لە مەترسییە هەمەلایەنەکان ناپارێزرێت، بەڵکو پێویستیی بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز، خۆنەویستی، دوورکەوتنەوە لە خواستی سڕینەوەی ئەویتر و سازشکردن لەسەر بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان هەیە، ئەمەش هەموومان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریهتی و خوای گەورە و میللەتەکەمان چاودێرە بەسەر کار و ڕەفتار و هەڵوێستی هەموومانەوە.
هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا و لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامیی دەروونی بۆ کوردستانیان، بووژاندنەوەی بازاڕ و کار و کەسابەتیی هاووڵاتییان و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بڕیار و کرداری ئەرێنی بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، بەپێویستی دەزانم کە هەموو بەرپرسانی دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکان و سیاسییە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی خۆیان لە لێدوانی تووند و زبر بپارێزن و پشکی خۆیان لە ئەرك و بەرپرسیاریهتی بۆ دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی جێبەجێ بکەن.
هاوکات داواکارم بەبۆنەی ئەم جەژنە پیرۆزەوە دەرفەت لەدەست نەدەین و بە ڕێکاری یاسایی گونجاو ئەو ڕاگیراو و زیندانییانە ئازاد بکرێن کە تاوانیان ئەنجام نەداوە یان تاوانەکانیان سووکە یان ڕەهەندیی سیاسی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی چیتر خێزان و كەسوكاریان لە چاوەروانیدا نەبن و ئازادكردنى ڕۆڵەکانیان بكرێتە جەژنانە بۆیان، لەپێناو بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەو ئازادی و دیموكراسییەتەی كە ساڵانێكی زۆرە گەلەكەمان خەبات لەپێناویدا دەکات.
دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت و ھەموو ڕۆژێكتان ھەر جەژن و خۆشیبێت و ئاسوودەیی و ئارامی باڵ بەسەر ژیانی هەموواندا بکێشێت.
د. ڕێواز فائق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان