Skip to the content
Menu

ڕاگەیەنراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانەوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغداد

دوابەدوای چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم لەنێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ڕێکەوتنەکە دەکات و بەگەرمی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و عێراق دەکەین ، و هیوادارین ببێتە سەرەتای لێکتێگەیشتنی باش و هاوبەش سەبارەت بە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لە نێوان هەولێر و بەغداد.

گەلی کوردستان ساڵانێکی سەختی لە قەیرانی تاقەتپڕووکێن بە هۆی ململانێکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت تێپەڕاند، بۆیە میللەتەکەمان چاوەڕوانی ئەوەی لە هەموو لایەكمان هەیە کە قۆناغێکی نوێی دڵنیایی و ئارامی بەرقەرار بکەین و دادپەروەریی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و تەواوی شار و شارۆچکەکاندا بێتەدی.

بۆ ئەو مەبەستە و دوای دڵنیابوون لە سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم، وەك چۆن پێداگری لەسەر شایستەییەکانی هەرێمەکەمان لە ناو بودجەی دەوڵەتی عێراق ئەکەین و وەك سەنەدی دەستوری و یاسایی بۆ بەدەستهێنانیان پشت بە یاساکەی دەبەستین، دەبێت بە هەمان لۆژیك و بنەما پێداگر بین لەسەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێم پێویستە پرۆژە یاسای بودجە لە ئێستا و داهاتووشدا بنێرێتە پەرلەمان و هەموومان پابەندییە یاساییەکانی خۆمان لەو ڕووەوە جێبەجێ بکەین.

د.ڕێواز فائق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٢٠٢٣/٤/٤