سكرتێری پهرلهمان پێشوازیى لە كۆمیسیاری فیدڕاڵیی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ئازادیی ئاینی و بیروباوەڕ و شاندێكی یاوەری كرد
ئەمڕۆ چوارشەممه ٢٠٢٣/٤/٥، منى نبى قههوهچی، سكرتێری پهرلهمانى كوردستان، پێشوازیى لە فڕانک شوابا، کۆمیسیاری فیدڕاڵیی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ئازادیی ئاینی و بیروباوەڕ و شاندی یاوەری كرد کە پێکهاتبوو لە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا و کۆنسوڵی گشتیی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەولێر بەوەکالەت.
له دیدارێکدا، کە ژمارەیەک لە ئەندامان و راِوێژکارانی پەرلەمان لە پێکهاتە جیاوازەکان ئامادەیبوون، بەوردی تیشک خرایەسەر ڕەوش و مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، سكرتێری پهرلهمان ڕایگەیاند: "پێکهاتەکان بەیاسا مافەکانیان دەستەبەر کراوە و بەشدارییەکی کارایان لە پەرلەمان و حکومڕانیی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان کورسی کۆتا بۆ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان دابین کراوە و خۆیان نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی خۆیان دەکەن". هەروەها سوپاس و پێزانینی پەرلەمانی کوردستانى بۆ بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا تایبەت بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکان به شاندی میوان ڕاگەیاند و سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەتی ئەڵمانیاى بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
لە تەوەرێکی دیكهی دیدارەکەدا، تیشک خرایەسەر یاسای ھەڵبژاردن و هەمواری یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ھەڵبژاردنەكان و ئاستەنگەكان و جیاوازیی بۆچوون و تێڕوانینی لایەنە سیاسییەكان لەسەر کۆی پرۆسەكە و سكرتێری پهرلهمان ڕایگەیاند: "پێکهاتەکان دەبێت مافەکانیان پارێزراو بێت و نابێت هەست بکەن پەراوێز خراون، كۆدەنگیی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسانە گرنگە و پێویستە سازان و ڕێکكەوتن هەبێت، بەتایبەت پێکهاتەکان دەبێت مافیان پارێزراو بێت و پێویستە نوێنەریان لە کۆمیسیۆن هەبێت و ڕێژەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیش پارێزگاریی لێبکرێت، کە ئەمە دواجار دەبێته مایەی بەهێزبوونی كلتوورى پێکەوەژیان و تووندوتۆڵی و یەكڕیزیی نێوان سەرجەم حزب و نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان له ههرێمی كوردستاندا".
لای خۆیانەوە شاندی میوان جەختیان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان حکوومەتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها باسیان لەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بەهێزیی کلتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
بەهێزتركردنی پهیوهندییهكانى نێوان پەرلەمانی كوردستان و حکوومەت و پەرلەمانی وڵاتی ئەڵمانیا، تهوهرێكی دیكهی دیدارهكه بوو و جهخت لهسهر پهرهپێدانی زیاتریان كرایهوه.