به‌ریتانیا.. شاندێكی لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه خۆجێیه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌ی دانیشتنێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی به‌ریتانیا ده‌بێت
له سه‌ردانێكیدا بۆ وڵاتی به‌ریتانیا، شاندێكی لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه خۆجێیه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرۆکایەتیی شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی لێژنە و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك لە ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، بۆ چه‌ندین پرس له‌چوارچێوه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتیی کاری لێژنه‌كه‌دا و سوودمه‌ندبوون له ئه‌زموونی ئه‌و وڵاته، به‌نیازه چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و ئه‌نجوومه‌نه خۆجێیه‌كان و پارێزگاری شاری له‌نده‌ن ئه‌نجام بدات.
دوێنێ دووشه‌ممه ٢٠٢٣/٢/٢٠، لە یەکەم ڕۆژی سەردانه‌كه‌یدا، شاندەکە ئۆفیسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەریتانیا بەسەرکردەوە و لەلایەن کاروان جەمال تاهیر، بەرپرسی نوێنەرایەتییەکە پێشوازییەکی گەرمی لێ‌کرا و لە کۆبوونەوەیەکدا کاروان جەمال تاهیر، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، ئامادەیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو هاوکارییەکی شاندەکە نیشاندا لەماوەی مانەوەیاندا لە وڵاتی بەریتانیا.
لای خۆیەوە شاخەوان ڕەئوف بەگ، سەرۆکی شاندەکە وێڕای پێشکەشکردنی سوپاس و پێ‌زانین بۆ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەرامبەر ئەو پێشوازییە گەرمە، تیشکی خستەسەر بەرنامە و ئەجێندا و ئامانجی هاتنی شاندەکە بۆ وڵاتی بەریتانیا، ئەندامانی شاندەکەش ڕاو سەرنجی خۆیان لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەربڕی.
دواتر شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان سەردانێکی مەیدانیی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا ئەنجام دا و جگە لەوەی بە ئەزموونی سیستەمی کاری پەرلەمانی بەریتانیا ئاشنابوون، لە شوێنی تایبەت کە بۆ میوانان دروستکراوە ئامادەی دانیشتنێکی تەواوی پەرلەمانى ئه‌و وڵاته بوون و گفتوگۆ و شێوازی بەڕێوەچوونی دانشتنەکانی پەرلەمانیان لەنزیکەوە بینی.
شایانی باسە لە ڕۆژانی داهاتوودا شاندی لێژنه‌كه‌ی پەرلەمانی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام دەدات.