Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٢/١٩، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ كلاوس ستریچه‌ر، كونسوڵی گشتیی نوێى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا دواین پێشهاته‌كانی ڕه‌وشی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمى كوردستان و عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، پرسی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئه‌ڵمانیا، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
سه‌ره‌تا د. هێمن هه‌ورامی، ییرۆزبایی له‌ كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یدا به‌و ئومێده‌ی كه‌ بتوانێ ڕۆڵی خۆی له‌ به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمى كوردستان و وڵاتی ئه‌ڵمانیا ببینێت. هه‌روه‌ها ىسوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیاى كرد بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌كان و كردنه‌وه‌ی خولی جۆراوجۆر له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌ناوی په‌رله‌مانى كوردستانیشه‌وه‌ سوپاسی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاى كرد بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا، به‌ گرنگییه‌وه‌ باسیان له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زێدی خۆیان كرد. د. هێمن هه‌ورامی، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سوپاسی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە كوردانی ئێزدى.
لای خۆیه‌وه‌ كلاوس ستریچه‌ر، كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، هیوای خواست گشت په‌رله‌مانه‌كانی تری جیهانیش ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌ی به‌سه‌ر ئێزدییه‌كاندا هات به‌ جینۆساید بناسێنن.
به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیا له‌ گشت بوارێك و ئاستێكدا، ته‌وه‌ری دیكه‌ی دیاره‌كه‌ بوون.