Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا و شاندێكی یاوه‌رى كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٢/١، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ خاتوو باهیه‌ ته‌هزیب لای، باڵیۆزی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا و شاندی یاوه‌رى كرد.
له‌ دیدارێكدا، كه‌ یاكۆ بێرێندز، كونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوو، به‌ وردی باس له‌ ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق و كوردستان كرا، هاوكات پرسی ژن، ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان بوون. سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ زۆربه‌ی ئه‌و یاسا گرنگانه‌دا كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون بۆ پشتیوانیكردن له‌ مافه‌كانی ژنان و داكۆكیكردن له‌ ڕۆژنامه‌نووسان.
هه‌روه‌ك ڕوانگه‌ی خۆیشی بۆ دۆخی گشتیی مافه‌كانی مرۆڤ و ژنان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ ڕوون كرده‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووی پێكه‌وه‌ژیان و قبووڵكردنی یه‌كتریی جیاوازییه‌كان.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی زیاترى مافه‌كانی مرۆڤ، ئازادییه‌ گشتیه‌كان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی پرسی ژنان كرده‌وه‌.
لای خۆیانه‌وه‌، شاندی میوان سوپاسگوزاریی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد، بۆ پێشوازیلێكردنیان و خستنه‌ڕووی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا تیشكیان خرایه‌ سه‌ر.