Skip to the content
Menu

له‌نده‌ن.. لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ جاری دووه‌م سه‌ردانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای كرد

لە میانەی سەردانەکەیدا دوێنێ چوارشه‌ممه‌،٢٢/ ٢/ ٢٠٢٣، شاندی لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ جاری دووه‌م سه‌ردانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چوار ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ كۆبووەوه‌ كه‌ پێکھاتبوون لە بامبۆس چارالامبۆس و لیۆد روسێل مایلی و بارۆنێس كریستینه‌ بلۆوێر و ڤیرێندرا شارمه‌.
له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا شاندی په‌رله‌مانی كوردستان، وێرای پێشكه‌ش كردنی سوپاس و پێزانین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی لێیان كرا، كورته‌یه‌كیان له‌ باره‌ی پێكهاته‌ و سیسته‌می كاری په‌رله‌مانی كوردستان پێشكه‌ش كردن، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا دوای ده‌ربرینی خۆشحاڵیان به‌و سه‌ردانه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی به‌ریتانی، به‌ وردی باسی مێژو و پێكهاته‌ و شێوازی كاری په‌رله‌مانی به‌ریتانیایان كرد.
دواتر هه‌ردوو لا گفتوگۆیان له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێك کرد لەوانە ئاریشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پێشلكاریه‌كانی سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق له‌ لایه‌ن دراوسێكانی و مه‌ترسیه‌كانی داعش و گروپه‌ تیرۆرستیه‌كانی تر له‌نێو خاكی عێراق، و شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموو ئەو تەوەرانە و چارەسەرکردنیان داوایانکرد لە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا لە رێگەی حکومەتی بەریتانیاوە هەوڵی زیاتر بدەن بە مەبەستی پاڵپشتی زیاتری هەرێمی کوردستان.
لە لایەن خۆیانەوە ئەندامانی پەرلەمانی پەریتانیا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەر هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانی بکەن و بەڵێنیان دا لە ماوەی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بکەن.