Skip to the content
Menu

شاندێکی دیوانی پەرلەمان سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٠٢٣/٢/٥، شاندێکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ئەردەلان محه‌مه‌د سەرسپی، سەرۆکی دیوانى په‌رله‌مان و هیوا نه‌سره‌دین، جێگری سەرۆکی دیوان، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیوانی په‌رله‌مان یاوه‌رییان بوون، سه‌ردانی باره‌گای مه‌كته‌بى سیاسیی پارتى ڕه‌نجده‌رانی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن باپیر کامەلا، سکرتێری گشتی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارته‌كه‌وه پێشوازیی لێكرا.
له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان، پیرۆزبایی یادی ٢٨ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتى ڕه‌نجده‌رانی كوردستانی له‌ سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسى و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و دۆست و لایه‌نگرانی پارته‌كه‌ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیی بۆ خواستن له‌ كارى ڕێكخراوه‌یی پاره‌ته‌كه‌یاندا و هاوكات ستایشی ڕۆڵی باپیر كامه‌لا-ی كرد وه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌رده‌م له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی تری په‌رله‌مان بۆ كارى پێكه‌وه‌یی.
لای خۆیه‌وه باپیر كامه‌لا، سكرتێری گشتیی پارتی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری و خۆشحاڵیی خۆى به‌و سه‌ردانه‌ی شاندی سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی كارى پێكه‌وه‌یى و یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كرده‌وه.