Skip to the content
Menu

به‌غدا.. هه‌ردوو لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كانى په‌رله‌مانی كوردستان و لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوونه‌وه‌

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٣/١/٢٠٢٣، له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ به‌غدا، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌ردوو لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ تاووتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێك كۆبوونه‌وه‌.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پێشێلكردنی سیاده‌ی عێراق له‌لایه‌ن هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێران و بۆردوومانكردنی خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و دوو وڵاته‌وه‌‌ و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردن و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی كه‌ له‌ سنووره‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕاڵی دروست بووه‌ کرا.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس لە هه‌وڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنووره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ کرا، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی گرنگیدانی زیاتر به‌ هێزه‌كانی پاراستنی سنوور به‌ زیادكردنی ژماره‌ی هێزه‌كانیان لەلایەک و ‌پێشكه‌شكردنی پاڵپشتی و هاوكاریی لۆجیستیی زیاتر به‌و هێزانه لەلایەکی ترەوە‌، ھەروەھا دابینكردنی پشكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ مه‌نزومه‌ی به‌رگریی عێراق له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری، به‌تایبه‌تی له‌و هاوكاری و یارمه‌تییانه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ده‌كرێت.
کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر هه‌وڵدان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵی بۆ خێراكردنی ڕێوشوێنه‌كانی به‌ پارێزگابوونی شاری هه‌ڵه‌بجه‌.
له‌ کۆبوونەوەکەدا، د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا، جێگرى سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سوپاسی هه‌ردوو لێژنه‌كه‌ی كرد بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ڕێی كۆبوونه‌وه‌ و دیداری له‌مجۆره‌دا.
دواتر خالد عوبه‌یدی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌ی لێژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنى كردن.
لای خۆیه‌وه‌ شاخه‌وان ڕه‌ئوف به‌گ، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سوپاسی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆك و جێگر و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌، هه‌روه‌ها بانگهێشتی لێژنه‌ی ناوبراوی كرد بۆئه‌وه‌ی له‌ ده‌رفه‌تێكی گونجاودا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆ به‌هێزكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لێژنه‌کە و ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێكی هاوبه‌ش.
دواتر له‌لایه‌ن به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌ریه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی ئه‌رێنیی باش ئه‌نجام درا، هه‌ردوو لایه‌ن كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو وه‌سف كرد و هیوایان خواست كه‌ بۆ زیاتر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان و تاووتوێكردنی بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌مجۆره‌ كۆبوونه‌وه‌ و دیدارانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت.