Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/١/٣١، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڵێن ئیسماعیل، سه‌عید هه‌ركی، له‌یلا عه‌بدولجه‌بار، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ماكسیم ڕوبین، كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیداره‌كه‌دا دواین پێشهاته‌كانی ڕه‌وشی سیاسی و ئابووریی هه‌رێم و عێراق و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌شی به‌ كاری له‌ پێشینه‌ی په‌رله‌مان دا له‌وباره‌یه‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مه‌ بۆ ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون به‌ ڕێككه‌وتن و سازان له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم.
هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی مافی پێكهاته‌كان كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "پێكهاته‌كان مافی خۆیانه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن، هه‌ر كات پێكهاته‌كان له‌نێو خۆیاندا گه‌یشتنه‌ خاڵێكی هاوبه‌ش بۆ شێوزای به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، پێویسته‌ هه‌موومان ڕێز له‌ بڕیاره‌كه‌یان بگرین".
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، گرنگی و په‌ره‌پێدانی پەیوەندیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ڕووسیاى فیدڕاڵ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر کرایه‌وە.