Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/١/٢٥، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ خاتوو ڕۆزی كه‌یڤ، كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا، سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پیرۆزبایی له‌ كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا.
پاشان دواین پێشهات و دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ لایه‌نه‌ سیاسی و یاسایی و ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه‌ كرد و ڕاشیگه‌یاند: "ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌جیا پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون، بۆئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ بكرێت پێویسته‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا په‌رله‌مانی كوردستان بیانخاتە بەرنامه‌ی دانیشتنێكی نائاسایی خۆی و دوای ھاتنەئارای خاڵی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسیی لایەنەکان لەسەر ئه‌م پێشنیازه‌یاسایانه‌، ئەرکی پەرلەمانە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تر بگرێتە بەر بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ بكرێت و پاشان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت". گووتیشی: "خۆشبه‌ختانه‌ له‌ئێستادا لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌كی باش له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن".
سه‌باره‌ت به‌ مافی پێكهاته‌كانیش جەختی له‌ پێویستیی ڕەچاوكردنی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان و ڕێزگرتن له‌ بڕیاره‌كانیان كرده‌وه‌.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، گرنگی و په‌ره‌پێدانی پەیوەندیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و وڵاتی به‌ریتانیا له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر کرایه‌وە.