Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/١/٢٥، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ یاكۆ بێره‌ندس، كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پیرۆزبایی له‌ كونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یدا.
پاشان باس له‌ ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پرسی هه‌ڵبژاردنى خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرا و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕۆڵ و ئه‌ركی په‌رله‌مان له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كان له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێككه‌وتن و سازانى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هه‌موو ئه‌م پیشنیازه‌یاسایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن فراكیسیۆنه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون به‌مه‌به‌ستی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان. هه‌روه‌ك جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن مافێكی گشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌، پرۆسه‌ی دیموكراسیی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ هه‌ڵبژاردن زیاتر به‌ره‌وپێش ده‌چێت".
سه‌باره‌ت به‌ مافی پێكهاته‌كانیش له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، گووتی: "پێكهاته‌كان خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن و پێویسته‌ ڕه‌چاوی تایبه‌تمه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییان بكرێت و ڕێز له‌ بڕیاره‌كانیان بگیرێت".
به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی هۆڵه‌ندا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون و جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی زیاتریان كرایه‌وه‌.