Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فائق پێشوازیی له‌ بریكاری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیادنانی ئاشتی كرد

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/١/٢٤، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ خاتوو ڕۆزماری دیكارلۆ، بریكاری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیادنانی ئاشتی كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، كە خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و شاندێكی باڵا یاوەریان دەكرد، باسی دواین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ گشتی و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆن و ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
لە دیدارەكەدا، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، تیشكی خستەسەر كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ئێستا لێكنزیكبوونه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌ و هه‌مووان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێت له‌مساڵدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ بەپێی یاساكە ده‌بێت ڕێكاره‌ یاسایی و ته‌كنیكی و كارگێڕییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێش ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌ ته‌واو بكرێت و ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. ھاوكات داوای كرد كە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و ھاوكاری پەرلەمان بن بۆ لێكنزیككردنەوەی ڕوانگە و دیدی جیاوازی لایەنە سیاسییەكان لە یەكتری.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێزدییەكان و پرسی گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان و چارەنووسی ژنانی نادیار، چەندین لایەنی دەروونی و مرۆییان كرا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، سەرۆكی پەرلەمان پوختەیەكی لەبارەی كار و چالاكییەكانی پەرلەمان و ئەو یاسا گرنگانەی كە لەم خولەی پەرلەماندا دەرچووێندراون بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
لای خۆیه‌وه‌، خاتوو ڕۆزماری دیكارلۆ، بریكاری ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیادنانی ئاشتی، پشتیوانیی خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی له‌ كاره‌كانیدا، ھەروەھا ئامادەیی خۆیانی بۆ ھاوئاھەنگی و لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن ده‌ربڕی.