Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/١/٢٤، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ڕۆزی كه‌یڤ، كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای پیرۆزباییكردن لێی به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یاندا.
دواتر گفتوگۆی فراوان له‌باره‌ی دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، جیاوازیی ڕوانگه‌ و بۆچوونی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ كرا.
د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی ته‌كنیكیی گرنگ و هه‌ستیار له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و ڕوانگه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی بۆ دۆخه‌كه‌ به‌ وردی ڕوونكرده‌وه‌، جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن به‌بێ سازشكردن بۆ یه‌كتری و دونیا بینیی نیشتمانییانه‌ هیچ لایه‌نێك تێیدا سه‌ركه‌وتوو نابێت.
لای خۆیه‌وه‌ ڕۆزی كه‌یڤ، كونسوڵی گشتیی شانشینی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسگوزاریی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ پێشوازیلێكردنیان.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، هه‌ردوهولا به‌ بایه‌خه‌وه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی به‌ریتانیا كرده‌وه‌.