سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان كرد
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٣/١/٢٤، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له یاكۆ بێرێندز، كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له دیدارێكی نێوانیاندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له كونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵه‌ندا له هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له پۆسته تازه‌كه‌ی، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له ئه‌ركه‌كه‌یه‌دا.
دواتر چه‌ند پرسێكی سیاسیی هه‌نووكه‌یی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه به وردی گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، د. ڕێواز فائق، پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی ئه‌و یاسا گرنگانه خسته‌ڕوو كه له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ده‌رچووێندراون له‌پێناو به‌هێزكردنی سێكته‌ره‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، به ئامانجی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌رته ئابوورییه‌كان و پشتبه‌ستن به به‌رهه‌می خۆماڵی، ڕزگاربوون له‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پشت به كه‌رتی نه‌وت و سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان ببه‌ستێت،
له كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له گه‌شه‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه، به‌تایبه‌ت له سوود بینین له ئه‌زموونی گه‌وره‌ی وڵاتی هۆڵه‌ندا له ڕووی كشتوكاڵ و ئابووریدا.