Skip to the content
Menu

سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە ھەرێمی كوردستان كرد

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/١/٩، د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە فوئاد خازر ساڵح ئەلمەجالی، كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە ھەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكی نێوانیاندا، باسی پەیوەندییە مێژووییەكانی نیوان ھەردوو گەلی دۆست و ڕایەڵە ھاوبەشە كلتووری و فەرھەنگییەكان كرا و ھەردوولا جەختیان لەسه‌ر گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوانیان كردەوە، بەتایبەت لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و ھاوئاھەنگیی نێوان ھەردوو پەرلەمان.
هه‌روه‌ها باس له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا و د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "ژینگەی یاسایی لە ھەرێمی كوردستان زۆر لەبارە بۆ وەبەرھێنان و پەرەپێدانی كەرتە جیاوازەكان، ئەمەش وایكردووە كە وەبەرھێنەرانی دەرەوە ڕووی تێبكەن و بەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەیدا لە زۆربەی سێكتەرەكاندا".
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن، وێڕای ده‌ربڕینی سەرسامیی خۆی به‌و بووژانەوە و سەقامگیرییەی كە لە ھەرێمی كوردستاندا بەدی دەكرێت، سوپاسگوزاریی خۆی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ پێشوازیلێكردنیان.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، ھەردوولا جەختیان لەسه‌ر بەرەوپێشەوەبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوانیان كردەوە.