Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی زانکۆی سۆران کرد

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/١/٣١، د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە د. شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، جێگری سەرۆكی زانكۆ و ژمارەیەك لە ڕاگرانی كۆلێژەكانی زانكۆكه‌ كرد.
لە دیدارێكدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی خوێندن بە گشتی و ئاستی زانستی و بەرەوپێشەوەچوونی زانكۆكان كرا و جەخت لەسەر پەرەپێدانی زیاتری تواناكان كرایەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و ھاوئاھەنگیی نێوان پەرلەمان و زانكۆكان گەنگەشە كران. د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "زانكۆكان لە ڕووی توێژینەوەى زانستی و ھەڵسەنگاندنی دۆخی گشتی لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكاندا ڕۆڵێكی كاریگەریان ھەیە، بۆیە پێویستە ئەوان وەك بەشێك لە ناوەندی بڕیاری سیاسی ڕاوێژیان پێبكرێت و بەشداریی كارایان ھەبێت".
ھەر لە دیدارەكەدا، سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی كوردستانی ڕاسپارد بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و سوودبینین لە توانا ئەكادیمی و زانستییەكان لە ڕووی لێكۆڵینەوەی زانستی و ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون و شارەزایی لە تێكڕای پسپۆڕییە جیاوازەكاندا.
لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسگوزاریی خۆیان ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان كرد، بۆ پێشوازیلێكردنیان و پەرۆشییان بۆ گەشەپیدان و ھاوئاھەنگیی نێوانیان.