لێژنهی دارایی و كاروبارى ئابوورى چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات
بەمەبەستی گفتوگۆکردن و بەدواداچوونی پێویست بۆ هەندێ بابەتی پەیوەندیدار بە ژیانی هاووڵاتییان، سەرلەبەیانیی ئهمڕۆ دووشەممه ٢٠٢٣/١/١٦، لێژنهی دارایی و كاروبارى ئابوورى، بهسهرپهرشتیی زیاد جهبار، سهرۆكى لێژنه و ئامادهبوونی جێگرى سهرۆكی لێژنه و بڕیاردەر و ئهندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنهكه، کۆبووەوه.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، ئەو نووسراو و سكاڵایانەی ئاراستەی لێژنەكە كرابوون، خوێندنەوەیان بۆ كرا و دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوهی ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە هەبوو، وەڵام درانەوە، ئەوانەی تریش ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كران بۆ كاری پێویست.
قسهكردن لهسهر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، تەوەرێکی گرنگی دیكهی کۆبوونەوەكهی ئەمڕۆی لێژنەکە بوو، ئاماژە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە ١٨٢ی تایبەت بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی هێڵەگشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٣، بڕیار درا نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێ بۆ بەدواداچوون سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دارایی٢٠٢٣.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێنماییە دەرچووەکان سەبارەت بە دوو هاوسەری فەرمانبەر کە لە یەک دامودەزگای حکوومی کار دەکەن گفتوگۆ کرا و بڕیار درا لێژنەیەکی لاوەکی پێکبهێنرێت تاوەکو سەردانی وەزارەتی دارایی و كاروبارى ئابووری بکەن بۆ بەدواداچوون و گۆڕانکاریی پێویست لە ڕێنماییەکان بهجۆرێك كه لە بهرژهوهندیی و پێویستیی دوو هاوسەری فەرمانبەردا بێت.