لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی ڕاپۆرت له‌سه‌ر دوو یاسا ئامادە دەکات
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردن و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌سه‌ر هەردوو یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان-عێراق و یاساى گرتنى كاڵاى قاچاغ و قەدەغەكراو لە بازاڕە ناوخۆییەكان لە هەریمى كوردستان-عیراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٣/١/٢٥، لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. بژار كۆچه‌ر، سه‌رۆكی لێژنه و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه، كۆبووه‌وه.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو بابەتی ژینگە و کاریگەرییەکانی و دەستبەسەرداگرتنی شتومەک و كاڵای قاچاغ لە هەرێمی کوردستان، بەهەند وەرگیران بۆئەوەی گۆڕانکاریی نوێ و پێویست بکرێت لە هەردوو یاساكه‌دا تاوەکو مرۆڤ و مرۆڤایەتی پارێزراو بێت. بۆیە کۆبوونەوەکە تایبەت کرابوو بۆ دیراسەكردن و دووباره هەڵسەنگاندنى دەستوورى و یاسایى هه‌ردوو یاساكه، دواى گەڕانەوەیان لە سەرۆكایەتیى هەرێمەوه.
دوای ڕاگۆڕینەوەی ئه‌ندامانی لێژنه و تاووتوێكردنی ماددە و بڕگەکانى هه‌ردوو یاساكه بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتى لێژنه له‌باره‌یانەوه و دواتر ئاراسته‌كردنیان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، بۆئه‌وه‌ی بخرێنه به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.