Skip to the content
Menu

په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ ساڵیادی ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ

به‌ڕێزان.. سه‌رنووسه‌ر، ستافی به‌ڕێوه‌بردن، ڕۆژنامه‌نووسان و كارمه‌ندانی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ..
به‌بۆنه‌ی (٣١) سی و یه‌كه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی "كوردستانی نوێ"، نۆبه‌ره‌ ناوازه‌كه‌ی نێو میدیای كوردی، جوانترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م، هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتر و به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازم.
ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ ده‌رفه‌تێكی گونجاوه‌ بۆئه‌وه‌ی چه‌پكه‌گوڵی ڕێز و وه‌فا پێشكه‌ش به‌ هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ئازا و بوێرانه‌ بكه‌ین كه‌ به‌ردی بناغه‌ی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی هاوسه‌نگ و پابه‌ند به‌ ئیتیك و یاساكانی ڕۆژنامه‌وانییان له‌ كوردستانی ئازاد دوای ڕاپه‌ڕین دامه‌زراند.
كوردستانی نوێ وه‌ك سه‌كۆیه‌كی ئازاد و مینبه‌ری بیروڕا جیاوازه‌كان تاوه‌كو ئێستا له‌پێشه‌وه‌ی ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات، مێژووش گه‌واهیده‌ری ئه‌و قۆناغه‌ هه‌ستیار و كاریگه‌ره‌یه‌ كه‌ تێیدا پێشه‌نگی كرد و ده‌رگای به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌ی دوای خۆیدا كرده‌وه‌ له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ناوازه‌یه‌یدا.
كوردستانی نوێ له‌ماوه‌ی ٣١ ساڵی ته‌مه‌نیدا خه‌رمانێكی پڕ به‌رهه‌می له‌ بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا پێشكەش كردووه‌ و خوێندنگه‌یه‌كیش بووه‌ بۆ پێگه‌یاندنی ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران.
له‌ ئێستاشدا جوانتر، پیشه‌ییانه‌تر و سه‌نگینتر له‌ لووتكه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌نگاو ده‌نێت، ئومێده‌وارم هه‌رده‌م له‌ ترۆپكی سه‌ركه‌وتندا بمێننه‌وه‌.
جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ سەرەتای ده‌رچوونییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌و ڕۆژنامه‌ ئازیزه‌دا كاریان كردووه‌ و خزمه‌تیان كردووه‌.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٣/١/١٢