Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژكاری سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٣⁄٣⁄١٢، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماده‌بوونی موحسین دۆسكی، بڕیارده‌ری لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكارانى په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌به‌ران و نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژكاری سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ وته‌یه‌كیدا به‌ وردی تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی و بایه‌خی كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و تێڕوانینی ڕاشكاوانه‌ی خۆی بۆ دۆخی كاری ڕێكخراوه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد، هاوكات ڕوانگه‌ی ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی كار و چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كان بۆ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خسته‌ڕوو.
دواتر ده‌رگای گفتوگۆ و تاووتوێكردنی بابه‌ته‌كان به‌ڕووی ئاماده‌بووان كرایه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ باس له‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ میانی كار و چالاكییه‌كانیاندا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌.
لای خۆیانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌كان تیشكیان خسته‌ سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كار و چالاكیی ڕێكخراوه‌كان. هاوكات باسی زۆربه‌ی ڕه‌هه‌نده‌ یاساییه‌كانی كاری ڕێكخراوه‌كان و یاسای ژماره‌ (١)ی ساڵی ٢٠١١، یاسای ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان–عێراق و ئه‌و ڕێنمایی و بڕیارانه‌ كرا، كه‌ په‌یوه‌ست به‌ كاری ڕێكخراوه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ ده‌رچوون.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ڕه‌وشی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی كاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی ده‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی ڕاوێژكاریی فراوانتر، له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانی زیاتری كاری ڕێكخراوه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و ئاستانگانه‌ی كه‌ هه‌یانه‌، به‌ هاوهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان".