بەیاننامەی لێژنەی کاروباری شەهیدان لە ساڵوەگەری کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا
٣٥ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس دوای بێئومێدبوونی لەوەی ئیرادەی گەلەکەمان لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانیدا بشکێنێ، لە تاوانێکی دڕندانەی بێوێنەدا وەک بەشێک لە پلانی جینۆسایدکردنی گەلەکەمان لە ڕۆژی ١٦-٣-١٩٨٨دا دەستی برد بۆ بەکارهێنانی مەترسیدارترین چەکی کۆمەڵکوژی کیمیاوی دژ بە خەڵکی سڤیلی شاری هەڵەبجە، کە بووەهۆی شەهیدکردنی زیاتر لە پێنج هەزار کەس و برینداربوون , دەربەدەرکردن و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەلکی هەڵەبجە.
بەداخەوە ئەم تاوانە گەورەیە بەبەرچاو و بێدەنگیی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی ئەنجام درا، بەڵام هێندەی نەبرد کە ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند و بووە سیمبولی مەترسیداریی چەکی کیمیاوی و ناسنامەی چەوساوەیی گەلی کوردستان و دڕندەیی سەدام حوسێن و ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکەی، بەشێوەیەک وەک لە تاوانەکانی دواتریدا دەرکەو کە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە.
ئەمڕۆ کە یادی ئەم مەرگەساتە دەکەینەوە، سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی عێراقی بڕیاری داوە هەڵەبجە وەک پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق بناسێنێت، دوای ئەوەی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کردیانە پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان، بەڵام ساڕێژکردنی برین و ئازارەکانی گەلی کورد و دانیشتوانی هەڵەبجە زۆر قووڵتر و فراوانترن لەوەی ئەو هەنگاوە بەس بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی.
بۆیە داوا لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین لەبەر ڕۆشنایی دەستووری عێراقدا لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بەشێکی تایبەت بۆ قەرەبووی قوربانییانی ئەم شارە و ئاوەدانکردنەوەی تەرخان بکەن، تا بتوانن بەسەر بەشێک لە نەهامەتی و کێشەکانیاندا زاڵ بن.
بەهەمان شێوە داوا لە حکوومەتی هەرێمیش دەکەین بایەخی بەردەوام بە شارەکە بدات و تواناکانی زیاتر بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
لە کۆتاییدا دروود بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی ڕێگهی ڕزگاریی کوردستان.
لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٣/٣/١٦