Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی كردنه‌وه‌ى خولی به‌هاره‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌كۆی ده‌نگ پرۆژه‌ یاسای كاری په‌سند كرد

 سه‌عات ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٣/١، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی پێنجه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه،‌ د. رێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به ‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌ حه‌وت خاڵ پێكهاتبوو، خاڵه‌كانی یه‌كه‌م تا سێیه‌می به‌رنامه‌ی كار تایبه‌تبوون به‌پرۆتۆكۆلی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یره‌وی ناوخۆ و خالی چواره‌می تایبه‌توو به‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ چوار پێشنیازه‌ یاساو یه‌ك پێشنیازه‌ بریار.
خاڵی پێنجه‌میش بریتیبوو له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای كار له‌هه‌رێم و خاڵی شه‌شه‌میش خستنه‌روو ده‌نگدان بوو له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ به‌چه‌ند برگه‌و مادده‌یه‌كی سێ یاسا كه‌ له‌سه‌ر پێشنیازی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گه‌رێندرابوونه‌وه‌ په‌رله‌مان. خاڵی حه‌وته‌م و كۆتاییی به‌رنامه‌ی كاریش تایبه‌تبوو به‌په‌سندكردنی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ٧ په‌رله‌مانتاری فراكسیۆن وكوتله‌جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان. به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، دەستەی سەرۆکاێەتیی پەرلەمان و په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌قیقه‌یه‌ك به‌ بێده‌نگی وه‌ستان بۆ ڕێزلێنان له ‌گیانی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق، پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ى له‌ ساڵی چواره‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ڕاگه‌یاند.
به‌پێى خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌، وتەیەکی پێشكه‌ش كرد و له‌ سه‌ره‌تای وته‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ڕێكه‌وتى ٢٠٢٣/٣/١ له‌ كاتێكدا وه‌رزێكى نوێى یاسادانان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ جیاواز له‌ هه‌ر وه‌رزێكى دیكه‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ یاساى ژماره‌(١٢)ى ساڵى ٢٠٢٢ خۆى و دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ى پابه‌ندى ئاماده‌كارییه‌ سیاسى، یاسایی، كارگێڕى و ته‌كنیكییه‌كانى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن كردووه‌. بۆیه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌ركى ئاسایی خۆمان وه‌ك دامه‌زراوه‌ى ته‌شریعى و چاودێرى به‌پێى ئاماده‌كارى سه‌رۆكایه‌تى و ڕاپۆرتى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، ئه‌وله‌ویه‌ت و كارى له‌ پێشینه‌مان جێبه‌جێكردنى ئه‌و پابه‌ندییه‌ ده‌بێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: له‌ ئێستاشدا، په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ره‌ڕاى خۆ پابه‌ندكردن به‌ ئه‌ركه‌ یاساییه‌كانى، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ ڕێگه‌ى سازشكردن له‌ به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانیان و دۆزینه‌وه‌و په‌ره‌پێدانى خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان و بچووككردنه‌وه‌ى خاڵه‌كانى ناكۆكى.
به‌ر له‌جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی دیكه‌ی به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی شاندی په‌رله‌مانی وڵاتی ئوردنی كرد، كه‌ له‌به‌شێكی دانیشتنه‌كه‌ له‌شوێنی میوانداری و پرۆتۆكۆڵ ئاماده‌ بوون.
به‌پێی خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان وته‌یان پێشكه‌ش كرد و تێیدا به‌رنامه‌ی كاری ته‌شریعیی خۆیان بۆ خولی گرێدانی به‌هاره‌ى په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و جه‌ختییان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆی و به‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی كێشه‌و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك و دروستكردنی لێكتێگه‌یشتنی نێوان لایه‌ن سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌داهاتووی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌.
به‌پێی خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كاریش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ بۆ پێشنیازەیاسای (بەڕەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردن لە هەرێمی كوردستانـ-عێراق)، پێشنیازەیاسای (بەڕەنگاربوونەوەی گزیی زانستی)، پێشنیازەیاسای (ناوەندی وەرگێڕانی سەرچاوە زانستییەكان لە هەرێمی كوردستان)، پێشنیازەبڕیاری (تایبەت بە بەخاكسپاردنی شەهید)، پێشنیازەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە هەرێمی كوردستان –عێراق، به‌جیا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مییان بۆ كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان كران بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاسایی و په‌یره‌وییه‌كان تاوه‌كو بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م ئاماده‌بكرێن. به‌پێی خاڵی پێنجه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، دەنگدان بوو لەسەر پڕۆژەیاسای (كار لە هەرێمی كوردستان)، به‌پێی حــوكمی مــادده‌كانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ مادده‌ به‌مادده‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ به‌و پێشنیازانه‌ی كه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م گه‌ڵاڵه‌ كرابوون له‌تێبینی و رای په‌رله‌مانتاران، ئه‌وا هه‌ر مادده‌یه‌ك پێشنیازه‌كانی یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكران. دواتریش سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆی پرۆژه‌ یاساكه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌كۆی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سندكرا. به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌كرێكارو خاوه‌نكارو حكومه‌ت كرد و ده‌ستخۆشیشی له‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران كرد بۆ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌.
خاڵی شەشەمیش تایبه‌تبوو به‌ خستنەڕوو و دەنگدان لەسەر ئەم یاسایانەی خوارەوە، كە بە بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێم گەرێندراونەتەوە بۆ پەرلەمان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددی (٩٥) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:
١ یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای (گرتنی كاڵای قاچاغ و قەدەغەكراو لە مامەڵەپێكردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، كە بە بڕیاری ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠٢٢ی سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێوەیەكی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە خاڵی (٧) لە بڕگەی (دووەم) و هەڵگرتنی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (٣)ی یاساكە. ٢ - یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، كە بە بڕیاری ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٢٢ی سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێوەیەكی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (٤٢)ی یاساكە. ٣ - یاسای ژمارە (١٧)ی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق)، كە بە بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٣ی سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێوەیەكی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (١٣)ی یاساكە. له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌ر یاسایه‌ك به‌جیا پێشنیازه‌كانی خرانه‌روو له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ به‌جیا هه‌ریه‌كه‌یان خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌پێی پێشنیازه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی گۆرانكارییه‌كان په‌سندكران. خاڵی حه‌وته‌م و كۆتایش تایبه‌تبوو به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌وت په‌رله‌مانتاری فراكسیۆن و كوتله‌ جیاوازه‌كانی ناو په‌رله‌مان و پێكهاتبوون له‌ په‌رله‌مانتاران (شێركۆ جودت مصطفی، ابوبكر عبدالله سعید، اسماعیل علی سگێری، سەرچنار احمد محمود، هلز احمد محمد حسن، علی حمەصالح، كاظم فاروق نامق).
له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ر په‌رله‌مانتارێك به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكران.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.