Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای پەرلەمانی ئەوروپا دەکات

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٣/٨، د. هێمین هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، به‌ئاماده‌بوونی منى نبى قهوەچی، سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ شاندێکی باڵای پەرلەمانی ئەوروپا كرد، كه‌ پێکهاتبوو لە خاتوو سارا سکیتێدال، سەرۆکی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و دۆمێنیک ڕویز دیڤێسا (ئیسپانیا) و مارکۆ کامپۆمێنۆسی (ئیتاڵیا)، جێگرانی سەرۆک و کارگێڕان ڕۆبێرتۆ بێندین و خاتوو مارینا گراسەر لاسیچ، د. تۆرکیڵد بیگ، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر.
لە دیدارێكدا، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان و دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، نوێنه‌رى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ئاماده‌یبوون، باس لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردوو پەرلەمان کرا.
د. هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانى كوردستان، سوپاسی یەکێتیی ئەوروپای کرد بۆ پاڵپشتیی به‌رده‌وامى له‌ هەرێمی کوردستان لە زۆر بواردا. هه‌روه‌ها تێڕوانینێکی گشتیی لەبارەی ئەو یاسایە گرنگانه‌ خستەڕوو کە لە خولی ئێستای پەرلەماندا پەسەند کراون، وەک یاسای کار، یاسای چاکسازی، یاسای پەروەردە و چەند بڕگەیەکی یاسادانان کە ئامانج لێیان پاڵپشتیی هەمەچەشنکردنی كه‌رتی ئابوورییە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سكرتێر و پەرلەمانتارانیش جه‌ختییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دەبێت هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان ئەمساڵ بەر لە کۆتایی درێژکردنەوەکە ئەنجام بدرێت، هەروەها پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بۆ خۆیان بڕیار بدەن کە چ سیسته‌مێکی هەڵبژاردن بۆ کورسییە یەدەگەکانیان پیاده‌ بكرێت.
پەرلەمانتارانی کوردستان و هاوتا ئەوروپییەکانیان، لەسەر زیادکردنی هاوکاری و پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەكانى یاسادانانیان ڕێککەوتن.
لای خۆیه‌وه‌، خاتوو سکیتێدال، سەرۆکی شاندى میوان ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتیی ئەوروپا گرنگییەکی زۆر بە دیموکراسی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سه‌رجه‌م عێراق دەدات.