Skip to the content
Menu

كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی حزبه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٣⁄٣⁄١٣، بەسەرپەرشتیی د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی د. ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، منی نبی قھوەچی، سکرتێری پەرلەمان، لە تەلاری پەرلەمان كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی حزبه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وته‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد و تێیدا به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانەوە به‌خێرهاتنی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، نوێنه‌رانی حزب و پێكهاته‌كانی كوردستانی كرد. هاوكات سوپاسگوزاریی خۆی بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی بانگهێشتی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان و بابه‌تی كورسیی كۆتای پێكهاته‌كان دەربڕی.
له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ڕۆڵی پێكهاته‌كان له‌ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان و یاسای هه‌ڵبژاردندا کرد و دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان پابه‌نده‌ به‌ ڕێزگرتن له‌ ئیستحقاقی پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان، هه‌روه‌ها جه‌ختی لەوە كرده‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌كان ھاووڵاتیی پلەیەك و پێكهێنه‌ری ڕه‌سه‌ن و هێمای جوانیی پێكه‌وه‌ژیانن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژووییه‌ كرد كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌مووان بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان، پابه‌ندیی په‌رله‌مانی كوردستانیشی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستووری ڕاگه‌یاند بەھەموو ئەو یاسایانه‌ی كه‌ به‌ ئیراده‌یه‌كی سیاسیی ڕاستگۆیانه‌ له‌پێناو تووندوتۆڵكردنی ڕایه‌ڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پێكه‌وەژیانی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌رچوون، گوتیشی: "بابه‌تی هه‌ڵبژاردن بابه‌تێكی نیشتمانیی چاره‌نووسازی فره‌ڕه‌هه‌نده‌ په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌ كاراكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بن، بۆیه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه‌ سازان واته‌ سازان له‌گه‌ڵ هه‌مووان و به‌شداریپێكردنی هه‌مووان".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی لەوەش كرده‌وه‌ كه‌ سازشكردنی ھەرلایەك له‌ به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانی ئاماژه‌یه‌كی گه‌شاوه‌یه‌ بۆ ویستی پێكه‌وه‌ژیان و ڕایگەیاند: "په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ به‌جێهێنانی هه‌موو ئه‌ركێكی یاسایی و سیاسیی خۆی له‌ دروستكردنی ڕایه‌ڵه‌ و سازانی نێوان پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان به‌ هه‌مووانه‌وه‌، له‌ پێكهاته‌ی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی"، داوایشی كرد كه‌ هه‌مووان ڕۆڵی ئه‌رێنی ببینن له‌ لێكنزیككردنه‌وه‌ی دیدگاكاندا.
هه‌ر له‌ دوای ته‌واوبوونی وته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، د. هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وته‌یه‌كی پێشکەش كرد و تێیدا به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی یاسای ژماره‌ (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ی كرد، یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌ی به‌ هه‌ردوو مادده‌ی دووه‌م و سێیه‌می یاساكه‌ كرد كه‌ سه‌رجه‌م شێوه‌كانی جیاكاری له‌نێوان پێكهاته‌كاندا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌ی هه‌ر جۆره‌ بانگه‌شه‌یه‌كی ئاینی یان سیاسی ده‌كات به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر به‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان، ئاماژه‌شی به‌و مافانه‌ كرد كه‌ له‌ ده‌ستووری عێراقدا بۆ پێكهاته‌كان جێگیركراون، دڵنیاییشی بۆ داكۆكیكردن و پاراستنی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان شانازی پێوه‌ ده‌كات نیشاندا.
پاشان ده‌رگای گفتوگۆ به‌ڕووی ئاماده‌بوواندا كرایه‌وه‌ و نوێنه‌رانی زۆربه‌ی پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ڕوانگه‌ی ڕاشكاوانه‌ی خۆیان بۆ دۆزی پێكهاته‌كان و میكانیزمی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ڕوو.