لێژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا چهند پرسێكی تایبەت بە کاری لێژنەکە تاووتوێ دهكات
بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوست بە کاروبارەکانی ناوخۆی پەرلەمان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٣/٧، لێژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا، بەسەرپەرشتیی چیا حەمید شەریف، جێگری سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ژمارهیهك له ئەندامانى و ڕاوێژکارانی لێژنەكه، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرەیەک تاوتووێ کران کە تایبەت بوون بە کاری لێژنەکە و کارووبارەکانی ناوخۆی پەرلەمان. هەروەک لێژنە بڕیاریدا پێشنیار ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بکەن بۆ بەژداریکردن لە خولی پڕۆتۆکۆل و ئەتەکێت بۆ هەر شاندێک کە سەردانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکات.
هەروەها ئامادەکاری شاندی لێژنە بۆ سەردانیکردنی بەغداد و سوید لەلایەن ئەندامانی لێژنەوە بە وردی گفتووگۆکرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دوای ڕاگۆڕینەوەی ئەندامان و خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەکانیان دەربارەی ووتە نەرێنییەکانی ئینستیتوتی پەی، سەبارەت بە کار و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان، بڕیاردرا کە نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن بۆ داواکردنی هەڵوێست وەرگرتنی جددی بەرامبەر بەو ووتانە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، وەک بەدواداچوون و ئاگاداربوون لە کۆبوونەوەی پێشتری لێژنەی هاوبەشی یاسایی و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان سەبارەت بە بابەتی پاسەوانانی ئەندامانی پەرلەمان، لێژنە داوای ئەنجامی کۆتایی کۆبوونەوەکەی کرد لەوبارەوە.