Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆزبایی د. ڕێواز فائق بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە

بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردییەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم كوردستانییان دەكەین، ئومێدەوارین ھاوشێوەی سرووتەكانی بەھار و ژینگە و سەوزبوونەوەی دەشت و دەر و چیا سەركەشەكانی كوردستان، پێكەوەیی و فرەیی نێوان كلتوورە جیاوازەكان بگەشێتەوە و نوێببێتەوە و ئەم بۆنە جوانە ببێتە مایەی قووڵبوونەوەی خۆشەویستی و تووندوتۆڵبوونی پەیوەندیی زیاتری نێوان سەرجەم پێكھاتەكان و پتەوبوونی ڕایەڵە فەرھەنگی و كلتوورییە جیاوازەكان، هیواخوازین شادی و خۆشی باڵبكێشێت بەسەر وڵاتەكەماندا و بانگەشەی گوتاری یەكڕیزی و تەبایی بكرێت بە كردار و ئەو مەترسییانە لەبەرچاو بگیرێت کە لە هەموو ڕوویەکەوە لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێم هەیە و هەر هێز و لایەنێک هێندەی قەبارەی خەبات و قوربانی و بەرپرسیارێتیی خۆی لە دروستکردنی ئەزموونەکە و پاراستن و بەڕێوەبردنیدا، سازش لە بەرژەوەندییە حزبی و تایبەتییەکانی بکات و کات و وزە و توانا و دەسەڵاتی لە خزمەتکردنی دادپەروەرانەی خەڵک و فەراهەمکردنی ئازادییە گشتییەکان و پاراستنی مافەکاندا بەکاربهێنێت.
دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و ھەر شاد و سەرفرازبن.
د. ڕێواز فائق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٣