Skip to the content
Menu

په‌یامی پیرۆزبایی د. هێمن هه‌ورامی له‌ ساڵیادی ڕاپه‌ڕینە مەزنەکەی کوردستان

٥ی ئازار سیمبول و خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌ له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان کە له‌و رۆژه‌دا کۆتایی بەخەونی سڕینەوەی گەلی کوردستان هات و بووە سەرەتای گەیشتن بەخەونە مەزنەکان و نزیکبوونەوە لەبەدیهێنانیان و کۆتایی بەسته‌م ودەسەڵاتی زاڵمانەی بەعسی شۆفێنی هێنا.
ڕاپه‌ڕین ده‌سپێكی قۆناغێكی كاریگه‌ره‌ له‌مێژوو‌ماندا كه‌ بووه‌ هۆی له‌ دایكبوونی قه‌واره‌ی سیاسیی كوردستان و بنیاتنانی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تداری له‌دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان و فه‌راهه‌مكردنى ماف و ئازادییه‌كان بنیاتنران و گەشەیان پێدرا و بۆ هه‌مووان سه‌لمێندرا گه‌لی كوردستان خاوه‌نی مێژوو و شوناس و كلتووری تایبه‌تیی خۆیه‌تی و خواستى به‌هێزى هه‌یه‌ بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و خۆژیانکردن، ئەگەر دەرفەتی هاوشێوەی میللەتانی پێبدرێت، دەبێتە فاکتەری به‌هێزی ئارامی و ئاسایش لەهەموو ناوچەکە. لەیادی راپەڕین، کەیەکڕیزیی و یەکگرتوویی هێزە خەباتکارە کوردستانییەکان لەچوارچێوەی بەرەی کوردستانی بووە هەوێنی سەرکەوتنی، جێی خۆیەتی جەخت لەیەکڕێزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان و پاراستنی مافی پێكهاته‌كان و كو‌لتووری پێكه‌وه‌ ژیان بکەینەوە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتە دەستووری و یاساییە وەدیهاتووەکان.
ھیوادارین ئەو یادە پیرۆزە ببێتە ھاندەرێک بۆئەوەی سه‌رجه‌م هێز و لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەن و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوت و دامەزراوە شەرعی و یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزن.
هه‌ر له‌و یاده‌ پیرۆزه‌دا هیوادارین لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌سپێكردنی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌مساڵدا تاوه‌كو سیمای دیموكراسییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م گه‌له‌كه‌ی و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وله‌تی دووپات بكه‌ینه‌وه‌.
به‌رز و پیرۆزبێت ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی شكۆدار، لە خەڵکی ڕانیە و بتوێن و پشدەر و تەواوی کوردستانییان.
د. هێمن هه‌ورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٣/٣/٥