Skip to the content
Menu

په‌یامی د.هێمن هه‌ورامى له‌یادى ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ى ئازارو ڕاپه‌ڕینی شارى هه‌ولێر

ڕێككه‌وتننامه‌ی مێژوویی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی سیاسی و یاسایی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ كه‌ بووه‌ بناغه‌یه‌ك بۆ دروستبوونی قه‌واره‌ی ده‌ستووری ئێستای هه‌رێم و به‌رهه‌م وخه‌باتی نه‌پساوه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وسای عیراق به‌فه‌رمی مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداری و كلتوورییەكانی گەلی كوردی سه‌لماند و چارەسەركردنی كێشەی كورد بە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ په‌سندكرد.
ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌ورەیه‌ له‌خه‌باتی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان به‌رابه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر، بووه‌ بناغه‌یه‌كی پته‌و و به‌هێز بۆ چه‌سپاندن و به‌ده‌ستهێنانی ماف و خواستەکانی تەواوی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی عێراقی ناچارکرد دان بە مافەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێت.
ڕێككه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئازار، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ بوو كه ‌هەموو کێشە و پرسەکان بە نه‌خشه‌ رێگای گفتوگۆ و لە یەکترتێگەیشتن دەتوانرێت هەنگاوی زۆر گەورە بە ئاراستەی چارەسەری بهاوێژرێت، خەڵکی کوردستانیش هەمیشە بۆ چەسپاندنی مافەکانی گفتوگۆ و دانوستاندنی بە چارەسەری بنەڕەتی وەرگرتووە و لە ناچاری پەنای بۆ چەک بردووه‌ بۆ ستاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی.
له‌گه‌ڵ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه‌ مێژووییه‌دا كه‌ هاوکاتە لەگەڵ یادی ڕاپەڕینە مه‌زنه‌كه‌ى به‌هارى ١٩٩١ى شاری هەولێری سەربەرز و قاره‌مان، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ئه‌نجامی خه‌بات و قوربانییه‌كانی شۆرشی ئه‌یلوول وراپه‌رینی گه‌لی كوردستان ئه‌وا شاری هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان، بووه‌ته‌ نموونه‌ی پێشكه‌وتن و په‌ناگه‌ی ئاواره‌و لێقه‌وماوانی شه‌ڕی تیرۆر و جێگه‌ و پێگه‌یه‌كی نموونه‌یی بۆ پیًكه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان گه‌لان و ئاینه‌كان.
بۆیه‌ به‌ره‌وپێشخستن و پارێزگاریكردن له‌قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێم و نه‌هێشتنی كه‌موكورتی و لابردنی ئاسته‌نگه‌كان ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه‌ وپێویسته‌ سه‌رجه‌م پارت و پێكهاته‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان پێداگیرتربن له‌سه‌ر جێگیركردن و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ده‌ستووری و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقی فیدراڵدا.
لێره‌شه‌وه‌‌ پیرۆزبایی یادى (٣٢) ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕین لە خەڵکی هه‌ولێرى خۆڕاگر و قاره‌مان و سه‌رجه‌م کوردستانییان دەکەم، بەو هیوایه‌ی هەموو شارەکان و وڵات هه‌میشه‌ لە پێشکەوتنی زیاتر و خۆشگوزەرانیی قووڵتر هەنگاو بنێن، سه‌رى ڕێزو نه‌وازشیش بۆ شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگەی ڕزگاریى كوردستان داده‌نوێنین.
هه‌ر له‌و یاده‌دا داوا لە خەڵک و هەموو هێزە کوردستانییەکان دەکەین کە بەیەکڕیزی و یەکخواستییەوە لەپشتی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی کوردستان بوەستن بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێم و چارەسەرکردنی تەواوەتیی کیشەکان لەگەڵ بەغدا بەدیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور.
د. هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١١ی ئازاری ٢٠٢٣