Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٣/٣/٢ د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لە دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوایین پەرەسەندنە سیاسیەكانی عێراق و كوردستان بەگشتی كرا، ھاوكات پرسی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان، ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین تەوەرێكی دیكەی نێو دیدارەكە بوون، ھەردوولا جەختیان لە بژاردەی دیالۆگ و ئامرازەكانی دیموكراسیەت كردەوە بۆ لێكتێگەیشتنی ھاوبەش و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا.

د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند:" پەرلەمانی كوردستان بە بایەخەوە دڕوانێتە لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و بە وردی دەڕوانێتە بەرەوپێشەوەچوونی گفتوگۆكانی نێوانیان. گوتیشی: پەرلەمانی كوردستان، ڕۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان بەرز دەنرخێنێت لە ھاوكاریكردنی بەردەوامیان بۆ ھەرێمی كوردستان لە زۆربەی قۆناغە جیاوازەكاندا" لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا سەرۆكی پەرلەمان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان كرد بۆ سەردانیكردنیان بۆ ھەرێمی كوردستان و لە نزیكەوە چاودێریكردنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئازدی ڕادەربڕین و دیموكراسی بە گشتی.