شاندێكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشییەكان و پیشهسازی و بازرگانی سهردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دهكات
بەمەبەستی ئاراستەكردنی چەند پرسیارێك و بەدواداچوون بۆ كارەكانی وەزارەتهكه، ئهمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٣/١٣، شاندێكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و پیشهسازی و بازرگانی له پەرلەمانی كوردستان، بهسهرۆكایهتیی گولیزار ڕهشید، جێگری سهرۆكی لێژنه و ئهندامیهتیی ژمارهیهك له ئهندامانى لێژنهكه، سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومهتی ههرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و هەردوو بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی و پیشەسازی، بەڕێوەبەرانی گشتیی بازرگانی و گەشەپێدانی پیشەسازی، پێشوازیى لێكرا.
لە كۆبوونەوەیەكدا، لێژنەكە ١٧ پرسیاریان ئاراستەی ستافی وەزارەت كرد لەبارەی پرسەكانی بازرگانی و پیشەسازی کە گرنگترینیان یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و گرفتی كارگەكان و ڕۆتینیات لەهێنانی كەرەستە سەرەتاییەكان و یاسای بازرگانییەكان و بابەتی چاودێریكردنی بازاڕ بوو، هەروەها بەشە خۆراكی هاووڵاتییان و بابەتە پەیوەستەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی له وەڵامی پرسیارەكانی لێژنەكەی پهرلهماندا، گووتی: "بەردەوام لە هەماهەنگیداین لەگەڵ تەواوی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ كارئاسانی و چارەسەركردنی گرفتەكان، لەگەڵ بەغداش لە قۆناغی ڕێككەوتنداین و لێكتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوانماندا".
پاشان عەلی عوسمان، بریكاری وهزارهت بۆ كاروبارى پیشەسازی، لەبارەی كێشەی كارگەكان و پاراستنی بەرهەمە ناوخۆیی و بابەتەكانی پەیوەست بە گەشەی پیشەسازی ڕوونكردنەوە و زانیاریی پێویستی خستەڕوو و ئاماژەی بە زەروورەتی كردنەوەی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەشی مۆدێرن كرد بۆ چارەسەركردنی بەشێكی زۆری كێشەكان.
هەروەها سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری بازرگانی، وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە كهرتی بازرگانی دایەوە و بە وردی تیشكی خستەسەر ڕێكار و چارەسەرەكان لە ڕێگەی دروستكردنی ئابوورییەكی ڕێكخراو، یاخود ڕێكخستنەوەی یاسای وەزارەتەكان.