Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا کرد

ئەمرۆ پێنجشەممە ۲۰۲۳/۳/۲ منی نبی قهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازی له‌ مه‌مه‌د مه‌ولود یاكوت، كۆنسوڵی گشتیی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و عارف ئێرەم، یاریدەدەری کونسوڵ كرد.

له‌ دیدارێكدا، وێرای باسکردنی دواین پێشهاته‌ سیاسی، ئه‌منی، ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی، ‌تیشک خرایە سەر پرۆسه‌ی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پرسەکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان. سەبارەت بە پرسی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان سکرتێری پەرلەمانی کوردستان جەختی له‌سه‌ر پێویستی ڕەچاوكردنی ئیرادە و بەرژەوەندیی خودی پێکهاتەکان کردەوە بە ڕێزگرتن له‌ بڕیاره‌كانیان لەکاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنه‌كان. بەهێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی وڵاتی تورکیا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو و جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی زیاتریان كرایه‌وه.