Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ شاندێكی یۆنامی كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٥/٢١، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ڕیكاردۆ ڕۆدریگێز، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یۆنامی له‌ هه‌رێمی كوردستان و سیلڤی بلانشیه‌، به‌رپرسی هه‌ڵبژاردن له‌ نووسینگه‌ی یۆنامى له‌ به‌غدا ، به‌رپرسی به‌شی سیاسی له‌ نووسینگه‌ی یۆنامی له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌ دیدارێكدا، دواین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ گرنگییه‌وه‌ باسى له‌ یه‌كترنزیكبوونه‌وه‌ و گفتوگۆى به‌رده‌وامی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ وادی دیاریكراوی خۆیدا كرده‌وه‌ و هیوای خواست لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌زووترین كات بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن بۆئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌ ڕێكاره‌ یاسایی و ته‌كنیكییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بگیرێنه‌به‌ر.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، د. هێمن هه‌ورامی، داوای له‌ یۆنامی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه‌ چاودێر و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی یۆنامی، خۆشحاڵیی خۆیان به‌ له‌یه‌كترنزیكبوونه‌وه‌ و گفتوگۆى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ى نێوماڵی كوردستان ده‌ربڕی.