Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ شاندێكی هاوبه‌شی كونسوڵخانه و نێرده‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌ولێر كرد

دوای نێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٥/٢١، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ شاندێكی هاوبه‌شی كونسوڵخانه‌ و نێرده‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، د. هێمن هه‌ورامی، سوپاسی كونسوڵخانه‌ و نێرده‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و پشتگیری و پشتیوانییه‌یان بۆ پرۆسه‌ی دیموكراسی و پێشكه‌وتنی زیاتری دیموكراسییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ هه‌میشه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بوون بۆ ئه‌و پرسه‌.
دواتر باسی له‌ ڕه‌وشی سیاسی و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان و ڕێكاره‌ یاسایی و سیاسییه‌كانی خسته‌ڕوو و جه‌ختیشی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسیی هه‌رێمی كوردستان كارا بكرێته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میش بۆ هه‌موو ئه‌م پێشنیازه‌یاسایانه‌ بكرێت كه‌ له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌ش كراون بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ ڕێككه‌وتنى له‌سه‌ر بكرێت".
دواتر منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ ڕۆل و مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای خواست كه‌ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی پێكهاته‌كان پارێزراوبێت و ئه‌وانیش وه‌ك پێكهاته‌ی ڕه‌سه‌نی كوردستان پێویسته‌ ڕێز له‌ ئیراده‌ و بڕیاریان بگیرێت.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی هاوبه‌شی كونسوڵخانه‌كان و نێرده‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وێڕای ده‌بڕینی خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مان، به‌هه‌مان شێوه‌ خۆشحاڵیی خۆشیان بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ و گفتوگۆى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشاندا.