Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵاى وه‌زاره‌تی به‌رگریى نیشتمانیی حكوومه‌تی عێراق كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٥/٩، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵاى وه‌زاره‌تی به‌رگریى نیشتمانیی حكوومه‌تی عێراق كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ لیوا ڕۆكنی ده‌ریایی دكتۆر ئه‌حمه‌د عومران عه‌بد، ڕاگرى کۆلێژی بەرگریی نیشتمانى، لیوا ڕوكن دكتۆر عه‌لی هندۆل مه‌زخور، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وانه‌بێژان، لیوا ڕوكنى فڕۆكه‌وانى موهه‌نه‌د غالب محه‌مه‌د، مامۆستاى پێشكه‌وتوو و ژمارەیەک فه‌رمانده‌ و ئەفسەر و بەرپرسی پلەباڵای وەزارەته‌كه‌ و چه‌ند دامودەزگایه‌كی دیكه‌ی حکوومەتی عێراق و ژماره‌یه‌ك قوتابیی خوێندنی ماستەر لە کۆلێژی بەرگریی نیشتمانى.
له‌ دیدارێكدا، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌رانی پله‌بالای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یبوون، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پوخته‌یه‌كى سه‌بارە‌ت به‌ ڕۆڵ و پێكهاته‌ و ئه‌ركی په‌رله‌مان له‌ ده‌رچوواندنی یاسا و چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌و یاسا گرنگانه‌ كرد كه‌ له‌ خوله‌کانی په‌رله‌ماندا ده‌رچووێندراون.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، باس له‌ دواین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرا و د. هێمن هه‌ورامی، باسی له‌ گرنگیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن كرد وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك و كۆڵه‌گه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی دیموكراسییه‌ت و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا كرده‌وه‌.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان به‌و سه‌ردان و پێشوازییە، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕوون كرده‌وه‌ و جەخت لەسه‌ر كارى پێكه‌وه‌یی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه‌.