Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی هاوبەشی كونسوڵخانه‌ و نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٥/٢، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی هاوبەشی كونسوڵخانه‌ و نوێنەرایەتییەكانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مریكا و كه‌ندا  له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی داهاتووی په‌رله‌مان باسكران.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی كونسوڵ و نێرده‌ی وڵاتاان كرد كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكار و هاوئاهه‌نگی په‌رله‌مانی كوردستان بوون بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی دیدگاكان، دواتر پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن بۆ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خسته‌ڕوو، هاوكات ڕوانگه‌ی خۆی له‌سه‌ر به‌شێك له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ڕوونكرده‌وه‌ و هیواشی خواست له‌ ده‌رفه‌تێكی كورتدا بتوانن سه‌رجه‌م ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسییانه‌ تێپه‌ڕێنن و بگه‌نه‌ ڕِێككه‌وتنی كۆتایی.
لای خۆیانه‌وه‌ كونسوڵ و نێرده‌ی وڵاتانی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا، سوپاسگوزاریی خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆ خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كان و ھیواشیان خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا لایەنەكان بتوانن بگەن بە داڕشتنی كۆتایی و پێكھاتن لەسەر تێكڕای خاڵە جیاوازەكان.