Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی لە پارێزگاری ئاژانسی پەنابەرانی یۆنان كرد

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٥/١٥، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی لە ماریۆس كڵیەس، پارێزگاری ئاژانسی پەنابەرانی یۆنان كرد.
لە دیدارێكدا كە ستراڤۆس كریمیس، كونسوڵی گشتیی یۆنان لە ھەولێر ئامادەیبوو، باسی ڕەوشی پەنابەران بەگشتی و ڕۆڵی بەرچاوی وڵاتی یۆنان لە پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ پەنابەران و ئەو بەرپرسیارێتییە یاسایی و نێودەوڵەتییەی كە كەوتۆتە ئەستۆی وڵاتی یۆنان وەك ڕێڕەو و كەناڵێكی پەڕینەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپی كرا.
د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە بایەخەوە ستایشی وڵاتی یۆنانی كرد بەرامبەر ئەو ڕۆڵە ئەرێنی و مرۆڤدۆستانەی كە بەدرێژایی سی ساڵی ڕابردوو ھەیبووە بەرامبەر پەنابەرانی كورد لە تێكڕای بوارە مرۆییەكان، دابینكردنی كەمپ و سەرجەم خزمەتگوزارییە لۆجیستییەكانی دیكەدا. دواتر باسی ئەو ڕێكار و میكانیزمە لەبارو گونجاوانە كرا كە پێویستە لەلایەن وڵاتانەوە بگیرێنەبەر بۆ چاكتركردنی دۆخی گەنجان و دۆزینەوەی ھەلی كاری شایستە بۆیان بەمەبەستی دروستكردنی بیرۆكەی كۆچی پێچەوانە و گەڕانەوەی پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ سەر زێد و وڵاتی خۆیان.
لە تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكانیشدا تیشك خرایەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و فەرھەنگییە قووڵەی كە لە نێوان كوردستان و وڵاتی یۆناندا ھەیە و ھەردوولا جەختیان لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكان و گەشەپێدانی زیاتری كردەوە.