Skip to the content
Menu

هه‌ردوو لێژنه‌ی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵاى وه‌زاره‌تی به‌رگریى نیشتمانیی حكوومه‌تی عێراق كۆبووه‌وه‌

ئەمرۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٥/٩، شاندێكی باڵاى وەزارەتی بەرگريی نیشتمانیی حكوومه‌تی عێراق، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و له‌ هۆڵی پرۆتۆكۆل له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، لەگەڵ هەردوو لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان و لێژنەی كاروبارى پێشمەرگە له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای بەخێرهێنان و ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆیان به‌م سه‌ردانه‌ی شانده‌ باڵاكه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگريى نیشتمانیی حكوومه‌تی عێراق لەلایەن هەردوو لێژنەی ناوخۆ و پێشمەرگەوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ شاخەوان ڕەئوف بەگ، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجییه‌كان و ڕیڤینگ هرۆری، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌، کورتەیەکیان لەسەر تایبەتمەندی و ئیشوکاری هەردوو لێژنەكه‌ بۆ شاندی میوان خسته‌ڕوو و هیوایان خواست ئەمجۆرە سەردان و كۆبوونه‌وانە لەنێوان دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق بەردەوام بێت بۆ ئالوگۆڕی زانیاری و سوودوه‌رگرتن له‌ ئەزموونی یەکترى.
دواتر شاندی میوان وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵییان بۆ ئەم سه‌ردان و پێشوازییە، بە کورتی باسیان لە مەبەستی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان كرد و کورتەیەکیشیان لەسەر تایبەتمەندی و شێوازی خوێندن له‌ کۆلێژی بەرگریی نیشتمانی خسته‌ ڕوو. دواتر لەلایەن ئاماده‌بووانی کۆبوونەوەكه‌ لە هەردوولا، چەندین پرس و ڕاو سەرنج ئالوگۆڕ کران.
شایه‌نی باسه‌ شانده‌كه‌ پێکهاتبوو لە لیوا ڕۆكنی ده‌ریایی د. ئه‌حمه‌د عومران عه‌بد، ڕاگرى کۆلێژی بەرگریی نیشتمانى، لیوا ڕوكن د. عه‌لی هندۆل مه‌زخور، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وانه‌بێژان، لیوا ڕوكنى فڕۆكه‌وانى موهه‌نه‌د غالب محه‌مه‌د، مامۆستاى پێشكه‌وتوو و ژمارەیەک ئەفسەر و بەرپرسی پلەباڵاى وەزارەتی بەرگری و نیشتمانی و چەندین وەزارەت و دامودەزگای تری حکوومەتی عێراق و ژماره‌یه‌ك قوتابیی خوێندنی ماستەر لە کۆلێژی بەرگریی نیشتمانى، کە بۆ مەبەستی گەشتێکی زانستی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.