Skip to the content
Menu

بە ئامادەبوونی د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ خالد ھادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٣/٥/١٠ لە ھۆڵی پەناگیری، لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، مونا نەبی قەھوەچی سكرتێری پەرلەمان و ئەردەلان محەمەد سەرسپی سەرۆكی دیوانی پەرلەمان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستان مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ بەڕێز خالد ھادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی ئەنجام درا، بە بۆنەی تەواو بوونی ماوەی یاسایی لە ئەركەكەیاندا.

لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا، سەرۆكی پەرلەمان وتەیەكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و تێیدا بەبایەخەوە ڕۆڵی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بەرز نرخاند، كە لە ماوەی ساڵانی كاركردنیدا سەركەوتووانە توانیویەتی كارەكانی ئەنجام بدات و ڕووبەڕووی زۆربەی ئاستەنگەكانی كاركردن ببێتەوە لەم پۆستە گرنگ و ھەستیارەی كە بەڕێوەیان بردووە.

دواتر بەڕێز خالد چاوشلی، لە وتەیەكدا پوختەیەكی لەمەڕ ساڵانی خزمەتكردنیان و ئاڵنگارییە كارگێڕی و تەكنیكیەكانی قۆناغی كاركردنیان بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەكە خستە ڕوو، پاشان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنانی پەرلەمانی پێشكەش بە بەڕێز خالد چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی كرد، ھاوكات ھەریەك لە بەڕێزان سكرتێری پەرلەمان و سەرۆكی دیوانی پەرلەمان بەجیا قەڵغان و دیاری خۆیان پێشكەش بە بەڕێزیان كرد، بۆ گوزارشت كردن لە لێھاتوویی و شایستەییان لە بەڕێوەبردنی ئەركەكانیاندا.