یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو
كاندیدانی ده‌رچووى ئاماده‌بوو له دانیشتنه‌كه وه‌ك ئه‌ندامانی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان سوێندی یاساییان خوارد
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٢/١٢/٢٠٢٤، دانیشتنی (یه‌كه‌م)ى خولی پایزه‌ى ساڵی یه‌كه‌م له خولی هه‌ڵبژاردنی شه‌شه‌می په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سه‌رسپی، سه‌رۆكی دیوانی په‌ىرله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، كه ژماره‌یه‌كی زۆر له كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون.
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له قورئانی پیرۆز و ده‌قیقه‌یه‌ك به‌بێده‌نگى وه‌ستان له‌گه‌ڵ سروودی نیشتیمانیی ئه‌ى ڕه‌قیب، بۆ ڕێزلێنان له گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستیپێكرد، پاشان به‌پێی حوكمی بڕگه‌ی (دووه‌م)ى ماده‌ی (١١)و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ماده‌ی (١٢) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێشتی (محه‌مه‌د سلێمان محه‌مه‌د) كرد وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین كاندیدی ئاماده‌بوو له پاڵێوراوانی سه‌ركه‌وتووی خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ سوێندخواردن و به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كه و دوای سوێندخواردنی و به‌پێی حوكمی بڕگه‌ی (دووه‌م)ی ماده‌ی (١٢) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه بانگهێشتی كاندیده هه‌ڵبژێردراوه‌كانى بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق كرد بۆ سوێندخواردنی یاسایی. به‌مشێوه‌یه كاندیده هه‌ڵبژێردراوه‌كانى ئاماده‌بووی دانیشتنه‌كه یه‌كه به‌یه‌كه به‌پێی ڕیزبه‌ندیی ئه‌لفابێتی ناوى كاندیدانی ده‌رچوو سوێندی یاساییان خوارد و بوون به ئه‌ندامی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان.
دوای ته‌واوبوونی ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنه‌كه، سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه به‌پێی حوكمه یاساییه‌كانی ماده‌ی (١٤)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌رگای خۆپاڵاوتنى بۆ هه‌رسێ پۆسته‌كانی (سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، سكرتێری په‌رله‌مان) كرده‌وه و له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ی نوێ، ژماره‌یه‌ك كاندید بۆ ئه‌م پۆستانه به‌ربژێر كران، بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك له (هه‌ڵگورد نه‌جیب عوسمان، د. ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، شاڵاو كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی، د. میران محه‌مه‌د عه‌باس، كورده‌وان جه‌مال محه‌مه‌د) خۆیان به‌ربژێر كرد. بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك له (به‌هجه‌ت عه‌لی ئیبراهیم، مه‌رد عه‌لی ڕه‌سول، ئازاد محه‌مه‌دئه‌مین حه‌سه‌ن، ئومێد عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، عه‌دنان حوسێن حه‌سه‌ن) خۆیان به‌ربژێر كرد، بۆ پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك له (د. هاڤین سه‌عید خزر، شیرین یونس عه‌بدوڵا، شلێر غه‌فوور ساڵح، سه‌وسه‌ن كاكه مه‌م محه‌مه‌د، ڕامی نورى عۆدیش، نه‌جده‌ت نورى محه‌مه‌د) خۆیان به‌ربژێر كرد.
به‌ر له ئه‌نجامدانى ڕێككاره یاساییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی ڕێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی له‌ناو هۆڵى دانیشتن، سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه بڕیاریدا به وه‌رگرتنی پشوویه‌ك تاوه‌كو ڕێژه‌ی یاسایی ئاماده‌بووان دروست ده‌بێت.
دوای وه‌رگرتنی پشووه‌كه، دانیشتنه‌كه ده‌ستیپێكرده‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی ڕێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵگیرا.